|
ژیکه‌ڵه سابیر صدیق دڵت کۆترێکی دیل و باڵبه‌سته‌ی زیندانی شاری پڕ ته‌مو‌خه‌مه خۆ منیش باڵام دارێکی نامۆی نێو دارستانه چڕ و ڕه‌شه‌که‌ی ئه‌مبه‌ری چه‌مه بۆ هه‌ڵنافڕیت و نایه‌یت چڵێکی لقی حه‌سره‌تم بکه‌یت به‌لانه بۆ ئه‌م زستانه ** ** ** خرمه‌ی بارانی سه‌ر به کڵاوه‌ی شه‌وانی زستان ته‌پڵ و شه‌یپوڕی تیپی ئازار و هه‌ژانی منه سه‌مای بێده‌نگی په‌پوله‌ی به‌فرو کپی دارستان تابلۆی دنیای عه‌شقی بێگه‌ردی سۆفییه‌کی وونه ** ** ** کاتێ که بینیم په‌یکه‌ری باڵات له ناو "سه‌بوون" ی له‌یه‌ک بڕانا ده‌چروسێته‌وه مه‌ده‌د یا مه‌ولای دڵم ده‌رهێناو کردمه په‌ڵۆشه بۆ ئه‌و شاعیره‌ی له شه‌وی تارو ئه‌نگوسته چا‌وا داستانی عه‌شقمان ده‌نووسێته‌وه ** ** ** عه‌شقمان ساوا بوو له پێده‌شتێکا به‌ره‌و ترۆپک که‌وتبووه سه‌ر ڕێ کاتێک که دای کرد کڕێوه‌ی تۆف و وه‌یشوومه‌ی ڕۆژگار ناپرسێت تۆ چیت! کێێت و کوڕی کێ!؟ ** ** ** جاران باخێک بووم سه‌وز وه‌کو چاووت ئێستاش که بووم به مناڵی باوه‌ش گه‌ڵا ڕێزان و پایزی دووری زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوم بۆ قژی خاووت ** ** ** ئێستاش له بیرمه ئه‌و ساته ڕه‌شه‌ی که به جێم هێشتی له دوا ئاوڕدا بۆشایی نێوان سیمای ته‌ڵخی تۆ‌و نیگای ماتی من تابلۆیه‌کی سریالی ڕووتی ئه‌م ژیانه بوو چاوانت بسڕه ده‌ستت هه‌ڵگره له ڕاژه‌ندنی بێشکه‌ی به‌تاڵی ئا ئه‌و ڕۆژانه که له ده‌ستمان چوو ** ** ** ئێسته‌ش که جارجار بنبه‌ستی یاساخ کوناوده‌ر ده‌که‌ی به کوچه‌ی ترس و قاچاغه ڕێدا دێیته دیده‌نیم زۆر ساکارانه ده‌پرسی بۆچی زه‌ردو زگاری! ئاخر نازانی سووتانی ویژدان له‌ناو ئاگری تاوانی خاڵکا چۆنه ئازادی ** ** ** نازانم که‌ی بوو نامه‌یه‌کی تۆ گه‌یشته ده‌ستم تێیدا نووسیبووت: " بێده‌نگی کوخی سه‌رفرازییه ، خامۆشی چه‌تره" سووپاس.. هاوسه‌ره خێڕنه‌دیوه‌که‌م له‌سه‌ر حه‌ق بێژی مه‌نجه‌نیقه‌که‌ی مه‌نسووری حه‌للاج بۆ من وه‌ک به‌فره.. ** ** ** ژیکه‌ڵانه‌که‌م له کۆتایدا چاوتان ماچ ده‌که‌م گه‌ر نیازت وایه به‌م نزیکانه بێیته سه‌ردانم جووتێ گۆره‌وی و هه‌ندێ کاغه‌زی سپیم بۆ بێنه نه‌یه‌ت به بیرتا نا بووتی وچۆڵی گیرفانه‌کانم له‌گه‌ڵ ...سڵاو و ڕێزی" سابیر" تا گوندی هه‌رگێنه 1987 |