|
شه‌ونخون سابیر صدیق وا چه‌ند شه‌وێکیش گلێنه و دڵمی بۆ ده‌که‌م به‌ماڵ به‌ڵام ده‌زانم ئێواره ته‌می جه‌سته‌ی هه‌ردوکمان ده‌بێ به سووتووی جگه‌ره‌ی خه‌مێ ** ** ** ئاخر له ڕۆژگارێکدا "ئه‌و" خۆشیده‌ێم من سۆزم بووه به گۆڕ هه‌ڵکه‌ن. ڕۆژێ چه‌ند جارێ خۆم ده‌نێمه چاڵ ** ** ** وا چه‌ند ڕۆژێکیش یادی ده‌که‌مه گۆرانی ده‌م ڕێ تۆ بڵێ ی لێره.. له‌م شاخ و دۆڵه هه‌ورێ ، ڕێبوارێ بایه باڵدارێ ده‌ستی نه‌خاته سه‌رشانی قورسم هه‌واڵێکی لای ئه‌وێ پێنه‌بێ ** ** ** دڵه ڕاوکێیه‌ک وه‌کو نیکۆتین تێکه‌ڵ به ڕۆح و خوێنه‌که‌م بووه من ده‌ڵێم ئه‌مه نه‌خۆشیه‌کی باوی سه‌رده‌مه له‌گه‌ڵ باروتا تێکه‌ڵ به هه‌وای ئێواران بووه ** ** ** وا چه‌ند ڕۆژێکیش یادی ده‌که‌مه گۆرانی ده‌م ڕێ به‌ڵام ده‌زانم ئێواره ته‌مێ جه‌سته‌ی عه‌شقمان ده‌بێ به سووتووی جگه‌ره‌ی خه‌مێ گوندی مالوومه 1986 |