|
مۆدێل سابیر صدیق به‌رکوڵ چیا پشتم ده‌چه‌مێنێ نیگه‌رانی سه‌ری خۆم و شیعرم ده‌خوا به‌دڵ گۆرانی ووتن بۆ پایز و ئه‌ستێره و ژن ڕیشم سپی سپی ده‌کا ** ** ** له کوێوه ده‌ست پێبکه‌م به چه‌ند هێڵ "کانفانس"ی ده‌روونم دابه‌شکه‌م!؟ ئه‌ی چه‌ند ڕنگ پێوویسته تا ژان و ناڵینی مرۆڤێک ده‌رببڕن! فڵچه‌که‌م چۆن بگرم بۆئه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌کان یه‌کتری سه‌رنه‌بڕن له کوێدا کۆتایی پێبێنم! سه‌ره‌تام "سکێچی" سیماته‌و کۆتاییم "مۆدێل" ی باڵاته ئه‌و ڕه‌نگه‌ی که‌ژانم ده‌داته به‌ر تیشکی ڕووناکی هارمۆنی پایزی و هه‌نگوینی چاوانته ئه‌ی کێشه ساده‌که ئه‌ی بێشه چڕه‌که ئه‌ی گۆمه مه‌نگه‌که ئه‌ی چۆمه خوڕه‌که ئه‌ی ژن کاشکا بمتوانیبا جگه له جوانی تۆ هیچی دیم نه‌دیبا 1987 قه‌ره‌داخ تۆ به‌ناخی ئاره‌زوو چرکه‌ی په‌نگ خواردوودا ڕۆده‌چیت؟ تۆ ده‌توانیت له‌چڕی دوکه‌ڵی جگه‌ره‌ی ئاخێکدا گۆرانیه سڕه‌کان بنێژی تۆ ده‌ترسیت پێکه‌نین بکه‌یته ئیقاعی شیعرێک و به‌ماچێ له‌زه‌توو مانایه‌ک به شه‌وی ده‌یجوری شاعیرێک ببه‌خشیت!! ئه‌ی کێشه ساده‌که ئه‌ی بێشه چڕه‌که په‌رچه‌می خورمایی و ڕوخساری "بڕۆنزیت" بوونه‌ته سکێچی سه‌ره‌تاو باڵآشت مۆدێلی کۆتایم هارمۆنی پایزیی و خوماریی چاوانت بوونه‌ته دیمه‌نی کسکۆڵه‌ی شیعرێکی مه‌لوول و پارسه‌نگی غوربه‌ت و ته‌نیاییم ** ** ** ئه‌ی گۆمه مه‌نگه‌که ئه‌ی چۆمه خوڕه‌که ئه‌ی ژن من سۆزم بڵقێکی سه‌ر ئاوه‌و ووجودم پوشێکی ده‌م بایه گوێم لێیه تۆش با‌نگم ده‌که‌یت و ئه‌م دڵه خورپه‌یه ئه‌م بیم و هه‌ناسه سوارییه له ته‌په ته‌پی پێی ئه‌م خه‌ونه بێبۆن و بێڕه‌نگه کۆتایی هه‌ر نایه 1988 سه‌قز کلیلی.. شه‌پۆلی " هیستریا" ی ئه‌م چاخه چریسکه‌ی نیگاته مۆسیقای چرپه‌شت "موعجیزه" ی جیهانی عه‌شقێکه وه‌ک "مۆرفین" ده‌رژێته خوێنمه‌وه ئه‌فسونی له‌نجه‌شت چێژێکی بزر بوو تێکه‌ڵی دڵ ته‌نگی ئێواران ده‌کات و گیانێکی بزۆزیش ده‌دا به‌ئاره‌زووی مه‌ڵاس بووی ناخی من بۆ ئه‌وه‌ی له چڕی دیمه‌ن و له قووڵی هه‌ناسه‌ی شیعرما گه‌رمایی له‌شی تۆ ببینرێ که‌چی تۆش ده‌ترسیت "تیرۆژ" ی موفه‌ڕکه ماچێکت بخه‌یته سه‌ر سیمای زه‌بوونی ڕۆژنامه‌ی عومرێکی چه‌واشه‌و له‌زه‌ت و مانایه‌ک به‌شه‌وی ده‌یجوری شاعیرێک ببه‌خشیت ** ** ** له کوێدا کۆتایی پێبێنم! گوێم لێیه تۆ با‌نگم ده‌که‌یت و داخ ئه‌فسووس هه‌ندێ جار له"تیمپۆ" ی ژێکانی ناختا نه‌شازی غروریت وه‌ک چقڵ سه‌ر ده‌کاو به مۆخما ڕۆده‌چێت ناهێڵێ له ده‌ریای هه‌نسکی قافییه‌ی ئه‌م شیعره سه‌وزه‌دا تابلۆی جاویدی جوانی تۆ وه‌ک یاقووت ده‌رکه‌وێت ناهێڵێ ئه‌م ڕۆحه دا‌نسقه‌و ساکاره ڕه‌نگی پشت ده‌نگه‌کان ببینێت ناهێڵێ ئه‌م ڕۆحه شه‌که‌ت و زگاره ده‌نگی پشت ڕه‌نگه‌کان بژنه‌وێت ** ** ** بوونی تۆ جه‌وهه‌ری سۆزێکه‌و هاوسه‌نگی هاوکێشه‌ی "میزاج" م ڕاده‌گرێ تۆ نه‌بیت گینگڵیش خه‌جاڵه‌ت ئه‌ی ژن ئه‌ی هێمای ته‌م و مژ غرورو ڕاڕایی و سنووری موسته‌حیل نه‌بوون به کۆڵه‌که‌ی سه‌رنج و بۆ چوونم قووڵایی ده‌ریایه‌ک فه‌رهه‌نگمه گه‌ردن و ڕووسووریت ئازاده سڵمه‌که " سڵمه‌که له مه‌یلی به‌گه‌رمی ڕوانینی پیاوێک که "* حه‌ز ده‌کا ببێته شاعیر و به‌شیعرێ له‌ڕقی دنیایه‌ک، دنیایه‌ک دروستکات سڵمه‌که گه‌ر سڵکه‌یت نه‌گوێچکه‌ی عاتیفه‌ت له کسپه‌ی ئاواز‌و له خورپه‌ی شیعر ده‌گا له چێژی چریسکه‌ی نیگاشت بۆ پیاوێک شه‌رمن و ترسنۆک ده‌بێته په‌ناگه ** ** ** سه‌ره‌تا و کۆتایی ئه‌م شیعره شیعر نا... ووڕێنه‌ی له‌رزوتا و له‌سه‌ر خۆچوونێکی پڕ مانای ده‌ردێکی کوشنده ئه‌ی ژن .. تۆ بوویت و تۆش نه‌بوویت تۆ بیت و تۆ نه‌بیت تۆ ده‌ستم ده‌ستۆکه تا منیش مردنم ببێته داستانی موحیبه‌ت مردنێ وه‌ک"کۆڤان"* به‌سام و ، ویقارو به‌هه‌یبه‌ت ئه‌ی هێمای ته‌مومژ ئه‌ی ژن ده‌زانی!! مردن و داستان و موحیبه‌ت یه‌عنی چی!؟ 1990 سلێمانی * ئیشاره‌ته بۆ دێڕێ شیعری مامۆستا گۆران * "کۆڤان" : ناوی هونه‌ری پێشمه‌رگایه‌تی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار ( کامه‌ران صدیق) ی شه‌هیده که له ململانێیه‌کی ناو (پاسۆک) دا .. ده‌گاته بن به‌ستو خۆی ده‌کوژێ سابیر صدیق
|